کەرکوک.. بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کەسێک کوژرا

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٦، لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکوک و لە نزیک کۆلێژی کشتوکاڵ، شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان دوو کەسدا دروستبوو. 

شەڕەکە پەرەی سەندووە و یەکێکیان بە چەک تەقەی لە ئەوی دیکەیان کردووە، لە ئەنجامدا کەسەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
قوربانییەکە تەمەنی ٤٤ ساڵ بووە، دوای رووداوەکەش هێزەکانی پۆلیسی بنکەی رەحیماوا گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن. 

بکوژەکە کەسێکی تەمەن ٣٥ ساڵە بە ناوی (هـ. ئـ) و لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان و دانپێدانانی بکوژەکە، هۆکاری سەرەکی تاوانەکە بۆ بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاڵۆزیی نێوان هەردوو لا دەگەڕێتەوە. بکوژەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کوژراوەکە بەردەوام شەڕی پێ فرۆشتوون و ئەوەش وایکردووە پەنا بۆ چەک ببات.

سەرچاوەکانی پۆلیس جەخت لەوە دەکەنەوە، بکوژ و کوژراو "ئاوەڵزاوا"ی یەکتر بوون و ململانێکەیان پەیوەندی بە پرسی ژن و ژنخوازییەوە هەبووە.

 لە ئێستادا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە تا رێکارە یاساییەکانی بەرامبەر بگیرێتە بەر.




PM:10:04:21/02/2026