کەرکووک.. سوپای عێراق لە کاتی بەربانگدا هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێکی کورد

بە پێی زانیارییەکانی سپی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە کاتێکدا هاووڵاتییان سەرقاڵی بەربانگ بوون، هێزێکی سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک هەڵیانکوتایە سەر پێنج ماڵی کورد.

 سەربازەکان داوایان لەو خێزانانە کردووە کە دەبێت بە زووترین کات خانوەکانیان چۆڵ بکەن و ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن.

گەڕەکی نەورۆز یەکێکە لە گەڕەکە دێرین و ستراتیژییەکانی کەرکووک، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن. زۆربەی ئەو خانوانەی سوپای عێراق چاوی بڕیوەتە سەریان، پێشتر و لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، وەک خانوو بۆ ئەفسەرانی سوپا بەکارهاتوون، بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٣ ئەو خێزانە کوردانەی کە پێشتر لە کەرکووک دەرکرابوون یان خانووەکانیان لێ زەوت کرابوو، تێیدا نیشتەجێ بوونەتەوە و بە موڵکی خۆیانی دەزانن.

کێشەی گەڕەکی نەورۆز تەنها پەیوەست نییە بەم چەند ماڵەوە، بەڵکو ململانێیەکی یاسایی و سیاسییە لەسەر خاوەندارێتی زەوییەکان.
وەزارەتی بەرگری عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم زەویانە موڵکی ئەوانە، لە کاتێکدا دانیشتووانەکە دەڵێن ئەوان گرێبەستی فەرمییان هەیە و چەندین ساڵە تێیدا نیشتەجێن.

پێشتر سوپای عێراق چەند خانوویەکی تری ئەم گەڕەکەی داگیرکردووە و کردوونی بە بارەگای سەربازی، ئەمەش بووەتە هۆی بێزارکردنی خەڵکی مەدەنی و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناوچەکەدا.

تاوەکو ئێستا ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک هیچ هەڵوێستێکی فەرمی و توندی بۆ پاراستنی ئەو هاووڵاتییانە نیشان نەداوە. بەپێی سەرچاوەکان، نەک هەر ڕێگری نەکراوە، بەڵکو فشارەکان بۆ سەر ئەو ٥ خێزانە بەردەوامە تاوەکو بە زووترین کات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. 




PM:10:34:21/02/2026