سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان حکومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تێیدا نێردەیەکی تایبەتی بە دەسەڵاتی تەواوەوە دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکات لەو ناوچانەی کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٦ عەمید زیاد عایشی وەک نێردەی تایبەت ناساند بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم بکات و چاودێری وردی میکانیزمەکانی یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان و گواستنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ناوەند بکات.
ئەرکی سەرەکی ئەم نێردە سەربازییە بریتی دەبێت لە لابردنی سەرجەم ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پرۆسەی یەکگرتنەوەی شەڕڤانان و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ سەرجەم ناوچەکان بە جۆرێک کە دامەزراوەکانی دەوڵەت بتوانن دووبارە بە شێوەیەکی یاسایی و فەرمی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشووی هەسەدەدا دەستبەکاربنەوە.
ئەم پەرەسەندنە گرنگە لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی سیاسی و سەربازی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری کاتی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە دێت کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە دابەشبوونی سەربازی و تێکەڵکردنەوەی شەڕڤانانی هەسەدەیە بە ڕیزەکانی سوپای نیشتمانی سووریاوە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە.