لە سبەینێ دووشەممەوە ئەو شەپۆلە گەرمایەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کۆتایی دێت و چەند پلەیەک ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن، هاوکات لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بارانبارینی مام ناوەند ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و لە هەفتەی داهاتووش بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: لە سبەینێ دووشەممە، کاریگەری ئەو بارستە هەوا گەرمەی لەسەر ناوچەکەیە لاواز دەبێت و کاریگەری بارستە هەوایەکی ساردی دەریای ناوەراست بۆ سەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ دوو تا سێ پلە نزمدەبنەوە لەگەڵ ئەگەری ناجێگیریەکی لاواز لەسەر ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای سلێمانی و چالاکبوونی هەورە بروسکە و تاوە بارانی لاواز لە هەندێ کاتدا.
باسی لەوەشکرد: بۆ دوو سبەی سێشەممە ٢٤ی شوبات، کاریگەری ئەو بارستە هەوایە زیاتر دەردەکەوێت لەسەر ناوچەکە و پلەکانی گەرما نزمبوونەوەیەکی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و ئاسمانی هەرێم بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و لەکاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ شەو بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین لەهەندێ کات و شوێندا ئەگەری دروستبوونی تاوە باران و هەورە بروسکەی کورت خایان دەبێت.
راشیگەیاند" لە کۆتایی هەفتەشدا کاریگەری بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکوور بۆ سەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات و شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییەکان و نزمبوونەوەیەکی بەرچاو لە پلەکانی گەرما و دەستپێکردنەوەی کەشێکی سارد و زستانە بۆ ماوەی چەند رۆژێک".