بەیانی ئەمڕۆ، سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆز خێزانێکی کوردی دەرکرد و پارێزگاری کەرکوک، ڕێبوار تەها سەردانی گەڕەکەکەی کرد و لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەی ڕوداوەکەوە قسەی بۆ میدیاکان کرد و دەڵێت "ئێستا من هاتمە ئێرە، ماڵەکەم هێناوەتەوە ناو خانووەکە و کلیلی خانووەکەش بە دەستی خۆیانەوەیە".
یەک شەممە، ٢٢ شوبات ٢٠٢٦، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند "لە ئیدارەی پێشوو ٥ خێزان لە ماڵەکانیان دەرکران و سوپای عێراق چووە ناویان، ئێستاش چەند رۆژێکە ژمارەیەک ئەفسەری سوپا چاویان لەسەر ئەم خانووانەیە و خێزانێکیان دەرکردووە".
سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ سوپای عێراق بۆ چۆڵکردنی خانوەکانی گەڕەکی نەورۆز، پارێزگاری شارەکە وتی "ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی بە تەواوی سوپا بکشێتەوە و خەڵک بگەڕێتەوە ناو ماڵەکانیان و تەنها دوو خانوو دەمێنێت کێشەیان لەسەر بێت، ئەوانیش وەک پارێزگار خۆم چارەسەریان دەکەم".
''ئێمە بە شێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین وەک ئەوەی موڵکی خۆیان بێت. هەر ئەفسەرێک کردەوەی خراپی لەگەڵ خەڵک هەبووبێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکدەهێندرێت" ڕێبوار تەها وا دەڵێت.
خانووەکان تاپۆ نین و موڵکدارییەکەی هی دەوڵەتە، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە لە ساڵی ٢٠٠٣، خەڵک چوونەتە ناویان ئەو خانووانەی گەڕەکەکە بە موڵکی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا پێشووتر ئەو خانووانە کوردی تێدابوون، کێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگایە و تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە.