لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی کرێکارێک کەوتە خوارەوە و گیانی لە دەستدا.
یەک شەممە، ٢٢ شوبات ٢٠٢٦، عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی بە میدیاکانی ڕاگەیاند "ئەو کرێکارەی گیانی لەدەستدا ناوی محەمەد ئەحمەد مەهدیە و تەمەنی ٢١ ساڵە و حەڵکی پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی قولەرەیسی کاردەکات و کرێکاری قاڵ بەستن بووە، لە کاتی قاڵب لابردندا لە نهۆمی ٩ کەوتوەتە خوارەوە و گیانی لە دەستدا".
لە بارەی هۆکاری گیان لە دەستدانی کرێکارەکەوە و کەمتەرخەمی پرۆژەکەوە عوسمان زیندانی وتویەتی "کرێکارەکە کڵاوی لەسەر نەبووە و دەستکێشی لە دەستدا نەبوە و قایشی سەلامەتی نەبوە و چەند سەرنجێکی دیکەمان هەیە و نامانەوێت ڕووداوی هاوشێوە ڕووبداتەوە و تا ڕادەیەکی زۆر سەلامەتی لە پرۆژەکەدا نەبووە".
لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکاندا سەرۆکی سەندیکای بیناسازی ئاماژەی بەوەکرد کە "دەمانەوێت کرێکار و خاوەن کار و لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداربکەینەوە لە ڕوداوەکان".
بە پێی ئامارەکانی ئەو سەندیکایە لە ماوەی ئەم ساڵدا ئەمە پێنجەم کرێکارە لە کاتی کارکردندا لە هەرێمی کوردستاندا گیان لەدەست بدات.