کەجەکە: لە ڕاپۆرتەکەی پەرلەماندا باسی کورد نەکراوە


کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە) ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کە بۆ 'پرۆسەی ئاشتی" دروستکراوە بڵاوکردەوە و دەڵێت "لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هەبوون و پرسی کورد ناکرێت، بۆیە باسکردن لە خوشک-برایەتی کورد و تورک لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کەلتووری، سیاسی و یاساییەوە هیچ بەهایەکی نییە".

یەک شەممە، ٢٢ شوبات ٢٠٢٢، کەجەکە ڕایگەیاند "ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن کە دوای کارکردنی چەند مانگە خرایەڕوو، تێیدا کەموکوڕی و هەڵەی بنەڕەتی زۆری تێدایە. ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە بەهۆی ئەم کوموکوڕی و هەڵانەوە لاواز بووە. بێگومان بەهۆی نەبوونی دیموکراسییەوە پرسی کورد بێ چارەسەر ماوەتەوە. هەرخۆی بۆ پێداگرییان کردووە لەسەر خۆ دوورگرتن لە دیموکراتیکبوون بۆئەوەی کورد سوودی لێ وەرنەگرێت و چارەسەری پرسەکان نەڕەخسێندرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە پرسی کورد نەکراوە، تا باسی ئەم بابەتەش نەکرێت ئەوا بێگومان چارەسەری مەحاڵە".

سەبارەت بە ناوهێنانی پرسی تیرۆر لە ڕاپۆرتەکەدا کەجەکە وتویەتی "بۆئەوەی باس لە پرسی کورد نەکرێت بە پێداگرییەوە بە پرسی تیرۆر ناو دەهێندرێت. دەگوترێت؛ چارەسەری هەمیشەیی پرسی تیرۆر بە دیموکراتیزەکردن دەبێت. لە ڕاستیدا لە ڕاپۆرتەکەدا دان بەوەدا نراوە کە هۆکاری شەڕ بەهۆی ناچارەسەرکردنی پرسی کوردەوەیە".

کەجەکە باس لەوە دەکات کە قبوڵیان نییە بە تیرۆر ناوبهێندرێن و دەڵیت "تەنانەت لە ناو ئێمەشدا سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک کەس ڕووداو گەلێکیان ئەنجامداوە کە ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان قبوڵیان ناکەن، تێکۆشانمان وەک یەکێک لە پاکترین و شکۆمەندترین تێکۆشانی ئازادیخوازانە لە مێژوودا جێگەی خۆی گرتووە. بۆیە ئێمە قبووڵ ناکەین کە تەڤگەرەکەمان بە تیرۆر ناوزەد بکرێت. دەیان هەزار کەس لەلایەن سووپا، پۆلیس و میلیشای دەوڵەتەوە کوژراون. بێگومان لە جەنگی دەیان ساڵەی نێوان لایەنەکاندا هەزاران کەس بوونەتە قوربانی".

سەبارەت بە کاریگەری وشەی تیرۆر کەجەکە ڕایگەیاند "چەمکی تیرۆر کە بەردەوام لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، گورز لە ڕۆحی ڕاپۆرتەکە دەدات و دۆخێک لە وڵاتدا دێنێتە ئاراوە کە ڕەگ و ڕیشەی پرسەکە دەشارێتەوە. ئەوەی کە کەسەکان لایەنە نەرێنییەکانی شەڕ دەبینین بابەتێکی جیاوازە".

هەروەها کەجەکە ئاشکرای دەکات کە "دانانی چەک لەسەر بنەمای ئازادیی سیاسی دیموکراتیک هەڵسەنگێندراوە، ئەو گەریلاانەی چەکیان هەڵگرتووە، ئەوانە نین کە بیر لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەکەنەوە. وتنی چەک دابنێ و بگەڕێوە ماڵەوە نزیکایەتییەکە شکۆ دەشکێنیت".

سەبارەت بە چەقبوەستوویی پرۆسەکە لەگەڵ نزیک بوونەوەی تێپەڕین ساڵێک بەسەر بانگەوازییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان کەجەکە وتی "ئەگەر ساڵێک بەسەر بانگەوازەکەی ٢٧ـی شوباتدا تێپەڕیوە و هیچ پێشکەوتنێک نەبووە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ مەرجی کارکردنی ئازادی نییە. بەردەنگی سەرەکی ئەو پرسەی کە کۆمیسیۆنی پەرلەمان ڕاپۆرتەکەی لەسەر ئامادەکرد، ڕێبەر ئاپۆیە. دەوڵەت خۆی لە ڕێگەی گوتار و ڕاگەیاندراوەکانییەوە ئەمەی قبوڵ کردووە. هەربۆیە بۆ ئەوەی خاڵەکانی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات بە تەواوی و بە شێوەیەکی درووست جێبەجێ بکرێن، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت". 




PM:04:25:22/02/2026