دوای گرژییەکانی گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکوک، سوپای عێراق هێرشیکردە سەر پاسەوانەکانی پارێزگار و بەهۆیەوە ئاڵۆزی دروستبوو.
یەک شەممە، ٢٢ شوبات ٢٠٢٦، لە کاتی چوونی ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک بۆ گەڕەکی نەورۆز لە لایەن ئەو ئەندامانەی سویای عێراقەوە کە هێرشیان کردە سەر ماڵە کوردەکان هێرشیشیان کردە سەر پاسەوانەکانی و ڕێگەیان نەدا بچنە ناو گەڕەکەکەوە.
ڕێبوار تەها لە بارەی ڕوداوەکەوە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیان "لە ئیدارەی پێشوو ٥ خێزان لە ماڵەکانیان دەرکران و سوپای عێراق چووە ناویان، ئێستاش چەند رۆژێکە ژمارەیەک ئەفسەری سوپا چاویان لەسەر ئەم خانووانەیە و خێزانێکیان دەرکردووە".
سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ سوپای عێراق بۆ چۆڵکردنی خانوەکانی گەڕەکی نەورۆز، پارێزگاری شارەکە وتی "ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی بە تەواوی سوپا بکشێتەوە و خەڵک بگەڕێتەوە ناو ماڵەکانیان و تەنها دوو خانوو دەمێنێت کێشەیان لەسەر بێت، ئەوانیش وەک پارێزگار خۆم چارەسەریان دەکەم".
خانووەکان تاپۆ نین و موڵکدارییەکەی هی دەوڵەتە، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە لە ساڵی ٢٠٠٣، خەڵک چوونەتە ناویان ئەو خانووانەی گەڕەکەکە بە موڵکی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا پێشووتر ئەو خانووانە کوردی تێدابوون، کێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگایە و تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە.