وردەکاریی و زانیاریی نوێ لە بارەی (زیاد ئەلعەیاش)، ناسراو بە "ئەبو ئوسامە" ئاشکرا دەکرێت.
نێردەی شەرع بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنیان لەگەڵ هەسەدە وەک یەکێک لە کارەکتەرە ئاڵۆزەکانی نێوان ئیدلب، تورکیا و دیمەشق وێنا دەکرێت و لە ئێستادا ئەرکێکی هەستیاری لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێسپێردراوە.
زیاد ئەلعەیاش، کە خەڵکی گوندێکی نزیک شارۆچکەی (جەل ئاغا/جەوادیە)یە، مێژووی چالاکییە سەربازییەکانی بۆ ساڵی ٢٠١٢ دەگەڕێتەوە کاتێک لە شەڕی (زاهیریە) دژی سوپای سوریا بریندار بوو.
ناوبراو دواتر لە ڕێگەی گرووپی (بەیت حەنزال)ەوە گەیشتووەتە ناو خاکی تورکیا و لەوێ لەلایەن هەواڵگریی تورکیا (MIT) مەشقی تایبەتی ئەمنی و هەواڵگریی پێکراوە.
لە ساڵی ٢٠١٨دا، ئەلعەیاش ڕەوانەی ئیدلب کرا و پلە بە پلە لە ناو ڕیزەکانی دەستەی تەحریری شام (HTS) بەرزبووەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسیارێتییەکانی ئەمانەی لە ئەستۆ بووە:
* بەرپرسی ئەمنیی کەمپەکان.
* بەڕێوەبەری بەشی "ئاسایشی گشتی" لە ئیدلب.
* ئەندامی جێی متمانەی "ئەنجومەنی شورای ئیسلامی".
* بنیادنەری سیستەمی خاڵە پشکنینەکان و داڕشتنەوەی دەزگای ئەمنیی ئیدلب بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی تورکیا.
سەرباری پاشخانە سەلەفییەکەی و کارکردنی لە ئیدلب، لە ئێستادا ئەلعەیاش ئەرکێکی جیاوازی پێسپێردراوە کە بریتییە لە بەدواداچوونی دۆسیەی "یەکگرتن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF)". ، لە نێوان ناوچەکانی باکووری سوریا و دیمەشق هاتوچۆ دەکات و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ (عەمید مەروان)، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆرکردن لە حەسەکە هەیە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەلعەیاش تەنها کارەکتەرێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو، پەیوەستە بە دەزگایەکی ئەمنی ناوەندیی تایبەت لە دیمەشق و پێشتر لەژێر چاودێری لقی ٢٢٧ی ئاسایشی دەوڵەتدا بووە.
تیمێکی تایبەتی تیرۆرکردن یاوەری دەکەن و پشت بە کادیرانی سەلەفی دەبەستێت بۆ ڕێکخستنی شانە نوستووەکان.
هەروەها، ژمارەیەک بەرپرسی تر کە لەلایەن هەواڵگریی تورکیاوە مەشق پێنراون، لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا لە ناوچە کوردییەکان بڵاوەیان پێکراوە.