کەشناسێک: هیچ شەپۆلێکی بەفر و باران ڕوو لە هەرێم ناکات

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی بەهێزی سەرما و بەفربارین ناوەندی شارەکان دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی نوێترین پێشبینییەکانی کەشناس ئاراس جەبار، ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە. 

ئەو کەشناسە دەڵێت'' هەرچەندە گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا خێرایە، بەڵام ئەو وێنەیەی لە میدیاکان نیشان دەدرێت زیادەڕەویی تێدایە و پێشبینییە ڕاستەقینەکان ئاماژە بە بارودۆخێکی جیاواز دەکەن.''

وتیشی'' بۆ سبەی سێشەممە، پێشبینی دەکرێت لە نێوان کاتی عەسر بۆ ئێوارە، هەندێک تاوە باران و هەورەبروسکە ڕوو بدات، کە زیاتر سنووری ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک، هەولێر و سۆران دەگرێتەوە. بۆ ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، کەشوهەوا تا ڕادەیەک جێگیر دەبێت و ئەگەری بارانبارین تێیاندا لاوازە، ئەم دۆخە تا پێش هاتنی شەپۆلە نوێیەکە بەردەوام دەبێت.''

لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی شوباتەوە، ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکوور. ئەم شەپۆلە دەبێتە هۆی ئەوەی کەشی بەهاریی ئێستا کۆتایی پێ بێت و لە ڕۆژی هەینی ٢٧ی شوباتەوە تاوەکو ٦ی ئاداری ٢٠٢٦، پلەکانی گەرما بە ڕێژەی ٧ تا ٨ پلە بەراورد بە ئێستا دابەزن. ئەم نزمبوونەوەیە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و هەست بە سەرمایەکی زستانە دەکرێت.

سەبارەت بە دابارین، لە ئێوارەی پێنجشەممە تا ڕۆژی شەممە شەپۆلێکی پچڕپچڕی باران ناوچەکە دەگرێتەوە؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێر و ڕاپەڕین بڕی بارانەکە باش دەبێت، بەڵام بۆ سلێمانی، کەرکوک و گەرمیان بڕەکە کەم و لە نێوان 1 بۆ 5 ملم دەبێت. دەربارەی بەفریش، تەنها لە لووتکەی شاخە بەرزەکان (بەرزی ١١٠٠ بۆ ١٥٠٠ مەتر) ئەگەری بەفربارین هەیە و هیچ ئەگەرێک نییە بەفر لە سەنتەری شارەکان ببارێت.




PM:09:24:23/02/2026