بارزانی و نوێنەری تڕەمپ بۆ کاروباری سووریا کۆبوونەوە

مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە تۆم باراک، نوێنەری تڕەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد. 

لە دیدارەکەدا کە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئامادەی بوو، شاندی میوان پێزانینیان هەبوو بۆ ڕۆڵی بارزانی لە ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی گرژییەکانی سووریا و سەرگرتنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ئەو وڵاتە و هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەختیشیان لە گرنگیی بەردەوامیی شەراکەتی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.

لای خۆیەوە بارزانی ئاماژەی بە مێژووی خەبات و قوربانییەکانی گەلی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە هەمیشە ئاشتی و پێکەوەژیانیان ویستووە. ئاماژەی بەوەش دا کە گەشەکردنی عێراق بەندە بە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماکانی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی، هەروەها جەختی لە پێویستیی دەرچواندنی یاسا چارەنووسسازەکانی وەک نەوت و گاز و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کردەوە بۆ ئەوەی عێراق بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێت.

سەبارەت بە پرسی سەرۆک کۆماری عێراق، بارزانی ڕایگەیاند'' لەبەر ئەوەی ئەم پۆستە پشکی گەلی کوردستانە، دەبێت میکانیزمێکی شایستە بۆ دیاریکردنی کاندیدەکە هەبێت کە گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکات.''

دەربارەی پۆستی سەرۆک وەزیرانیش ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر کاندیدەکە دەدەن، بەڵام بۆ کورد گرنگە کە ئەو کەسە پابەندی دەستوور و بنەماکانی هاوبەشی بێت.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە گەنگەشە کران. بارزانی هیوای خواست کە تەواوی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتییەوە چارەسەر بکرێن و ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ و توندوتیژی پارێزراو بێت، تاوەکو بەرژەوەندیی گەلان و سەقامگیریی سیاسی پارێزراو بێت.




PM:10:36:23/02/2026