بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم پێشبینی دەکات بۆ ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمانی ناوچەکان بە گشتی نیمچە هەور بێت و بەهۆی کاریگەری کەشێکی ناجێگیرەوە لە زۆربەی کاتەکاندا نمە بارانی کورتخایەن ببارێت، بە جۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارانی مامناوەند و هەورەبرووسکە هەیە و خێرایی با لە هەندێک ناوچەدا چالاک دەبێت و دەگاتە سەرووی ٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو.
بۆ سبەی چوارشەممە پێشبینی دەکرێت ئاسمان بە نیمچە هەور بمێنێتەوە و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە مەودای بینیندا ڕوونەدات کە لە نێوان ٨ بۆ ١٠ کیلۆمەتر دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە کەمێک بەرز دەبنەوە و لە هەندێک شوێنی دیکە نزم دەبنەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە نزمە پاڵەپەستۆیەکی نوێ ڕوو لە ناوچەکە دەکات و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کەشوهەوادا دروست دەبێت، ئەم شەپۆلە دەبێتە هۆی باران بارینی سەرتاسەری و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، هاوکات پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان بەفر ببارێت و ئەم ناجێگیرییەش بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.
کاریگەری ئەم شەپۆلە باران و بەفرە تەنها لە ڕۆژی پێنجشەممەدا کۆتایی نایەت و بۆ ڕۆژانی هەینی و شەممەش درێژ دەبێتەوە، کە پێویست دەکات هاووڵاتییان و گەشتیاران لە ناوچە شاخاوییەکان ئاگاداری گۆڕانکارییە خێراکان بن، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە ئەگەری بەفربارین و تەمومژ و کەمبوونەوەی مەودای بینینیان لێ دەکرێت بەهۆی کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: ١٩ پلەی سیلیزی
پیرمام: ١٥ پلەی سیلیزی
سۆران: ١٦ پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: ٨ پلەی سیلیزی
سلێمانی: ١٨ پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: ١٩ پلەی سیلیزی
دهۆک: ١٧ پلەی سیلیزی
زاخۆ: ١٨ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: ١٩ پلەی سیلیزی
گەرمیان: ٢٢ پلەی سیلیزی