ڕۆژئاوای کوردستان.. ١٢٠٠ کورد بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکان سەر بە دیمەشق کوژراون

ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا ئامارێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆ سەر حەلەب و ناوچەکانی باکووری سووریا تا ئێستا ١٢٠٠ کەس کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و ئەم هێرشانەش وەک هەوڵێک بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی ناوچەکە و لێدان لە سیستەمی دیموکراتی وەسف کراون.

سەبارەت بە ڕفێندراوان و دەستبەسەرکراوەکان ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زیاتر لە دوو هەزار کەس لەلایەن ئەو گرووپانەوە ڕفێندراون و چارەنووسی ٥٢٦ کەسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

 هاوکات نزیکەی هەزار زیندانی لە گرتووخانەکانی شەقێف و حەلەب لەژێر ئەشکەنجەیەکی قورسدان و حکومەتی کاتییش ڕەتدەکاتەوە تەرمی ٢٧٠ قوربانی ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکاتەوە.

لە ڕووی مرۆییەوە شەڕ و فشارەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس بە جۆرێک تەنها لە حەلەب ١٦٠ هەزار کەس و لە ڕەقە و تەبقەش زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە و ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کردووە، ئەمەش قەیرانێکی مرۆیی گەورەی لە ناوچەکەدا دروست کردووە کە پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلە هەیە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر گەمارۆدانی شارەکان بە تایبەت شاری کۆبانێ کە ماوەی مانگێکە ڕێگری لە گەیشتنی دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکرێت بۆی، هەروەها لە حەسەکەش سیاسەتی "برسیکردن" وەک چەکێک دژی هاوڵاتییان بەکاردەهێنرێت تاوەکو ناچار بە ملکەچبوون بکرێن، کە ئەمەش بەپێی وتەی ناوەندەکە پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری مافەکانی مرۆڤە.






PM:12:32:24/02/2026