مەسرور بارزانی پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدی هەولێر - گۆمەسپانی بەڕووی هاووڵاتییاندا کردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی شوبات، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - گۆمەسپانی بە شێوەیەکی فەرمی کردەوە. 

مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند'' ئەم ڕێگەیە نەک هەر ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتوچۆی شۆفێران دەکات بەڵکو ڕۆڵێکی ستراتیژیشی دەبێت لە بەیەکەوەبەستنی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان و کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی پێشتر لەسەر گیانی هاووڵاتییان لەم سنوورەدا هەبوو.'''

لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕێگەیە دەبێتە پردێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە ناوچەکانی دۆڵی سماقوڵی و کۆیە و سلێمانی بە کاتێکی کەمتر و کوالێتییەکی بەرزتر.

 هەروەها دەستخۆشی لە کۆمپانیای هێمن گرووپ و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد کە توانیویانە بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی و لە کاتێکی پێوانەییدا ئەم پڕۆژە مەزنە جێبەجێ بکەن و شانازی خۆشی بە بوونی توانای ناوخۆیی ئاستبەرز دەربڕی.

لە ڕووی گەشتیارییەوە مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد کە تەواوبوونی ئەم ڕێگەیە هاوکات لەگەڵ بەنداوی گۆمەسپان دەبێتە هۆی بووژانەوەی ناوچەکە و هیوای خواست بەهۆی بارانبارینی باشی ئەمساڵەوە هاووڵاتییان بتوانن لە وەرزی بەهاردا بە ئاسانی سەردانی ئەو ژینگە جوانە بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشتیاری هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی حکومەت داوایەکی ئاراستەی سەرجەم شۆفێران کرد کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن و بە خێراییەکی زیاد لە پێویست ئۆتۆمبێل لێنەخوڕن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی حکومەت لەم جۆرە پڕۆژانە تەنها خزمەتکردن و دابینکردنی سەلامەتییە بۆ هەموو لایەک بە بێ جیاوازی.




PM:12:53:24/02/2026