سەرۆکی پارتیی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) لە کاتی کۆبونەوەی فرکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەشکرد و دەڵێت "پێویستە دەستبەجێ کەجەکە هەڵبوەشێندرێتەوە".
سێ شەممە، ٢٤ شوبات ٢٠٢٦، دوای ئەوەی لە ڕابردوودا بەردەوام داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و هەسەدەی دەکرد، ئێستا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە) دەکات و ڕایگەیاند "پێویستە دەستبەجێ کەجەکە هەڵبوەشێنرێتەوە، دەبێت ئەم هەنگاوە بەبێ دواکەوتن بنرێت".
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەندامەکانی پەکەکە بۆ باکوری کوردستان و تورکات بەخچەلی وتی "گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە واز لە چەک دەهێنن بۆ نێو کۆمەڵگە، بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و بەبێ زیانگەیاندن بە هەستی دادپەروەری، جێبەجێ دەکرێت".
سەرۆکی مەهەپە لە بارەی کارەکانی کۆمیسیۆنی "یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت "کۆمیسیۆن٢٠ کۆبوونەوەی کردووە، راپۆرتە ئامادەکراوەکە پەسند کراوە کۆمیسیۆنەکە بە تێگەیشتنێکی دیموکراتی و بەشداریکەرانە کاری کردووە، نابێت هیچ کەسێک بە کەم سەیری ئەو کارانەی کۆمیسیۆن بکات کە کردوونی".
٢٢ ئەم مانگە کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە) ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کە بۆ 'پرۆسەی ئاشتی" دروستکراوە بڵاوکردەوە و دەڵێت "لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هەبوون و پرسی کورد ناکرێت، بۆیە باسکردن لە خوشک-برایەتی کورد و تورک لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کەلتووری، سیاسی و یاساییەوە هیچ بەهایەکی نییە".
کەجەکە لە ڕاگەیاندراوەکەدا وتوبوشی " تێکۆشانمان وەک یەکێک لە پاکترین و شکۆمەندترین تێکۆشانی ئازادیخوازانە لە مێژوودا جێگەی خۆی گرتووە. بۆیە ئێمە قبووڵ ناکەین کە تەڤگەرەکەمان بە تیرۆر ناوزەند بکرێت".