ڕۆژنامەی ئیسرائیلی ڕایگەیاند" ئیسرائیل نیگەرانی هەیە کە ڕەنگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ڕێککەوتنێکی کاتی و خێرا کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بهێنێت، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ حوسییەکان ڕوویدا و بەمجۆڕەش دەبێت خراپترین سیناریۆ".
ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ڕۆژی چوارشەممە نیگەرانییەکانی ناو بازنەکانی ئەمنی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە ونوسیوێتی " رێککەوتنی کاتی خراپ دەبێت و مامەڵە لەگەڵ بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی تاران و هێزەکانی بە وەکالەت ناکات، کە سەرچاوەی دارایی ڕژێمی ئێران بۆ بەهێزکردنی تواناکانی دابین دەکەن".
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە" خراپترین سیناریۆ ڕێککەوتنێکی کاتی دەبێت کە سەرچاوەی دارایی بۆ ڕێژیمی ئێران ئازاد بکات و بەهێزتری بکات، خراپترین سیناریۆش هێرشێکی سنووردارکراوی ئەمریکا دەبێت و دواتر ڕێککەوتنێکی خراپ بەدوای خۆیدا دێنێت کە ئیسرائیل بەرەوڕووی تۆڵەسەندنەوەی مووشەکی ئێران دەبێتەوە".
ڕۆژنامەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە " باشترین سیناریۆ، لە ڕوانگەی تەلئەبیبەوە، هەڵمەتێکی سەربازی فراوانی ئەمریکا دەبێت کە هێرشکردنە سەر شوێنە ئەتۆمییەکان و مووشەکییەکان و ئەگەری ڕووخاندنی ڕژێمەکە لەخۆبگرێت".
سیناریۆیەکی دیکە کە لە تەلئەبیب تاڕادەیەک قبوڵکراوە، پاراستنی دۆخی ئێستایە لە ڕێگەی فشار و گەمارۆ ئابووری و نێودەوڵەتییەوە تا ئەو کاتەی ڕژێم لە ناوخۆدا دەڕووخێت.
واشنتۆن و تاران دوو خولی دانوستانیان ئەنجامداوە بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ جێگرتنەوەی ئەو بەرنامە ئەتۆمییەی کە ترەمپ لە یەکەم خولی خۆیدا لێی کشایەوە.
ئەمەریکا جگە لەوەی کە چەندین جار داوای ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی کردووە، هەروەها هەوڵی داوە بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی و پاڵپشتیکردنی لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بخاتە سەر مێزی دانوستان، کە تاران ڕەتی کردۆتەوە.
ترەمپ هێزێکی سەربازی بەربڵاوی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە، لەوانە دوو فڕۆکە هەڵگر و زیاتر لە دەیان کەشتی جەنگی، هەروەها ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی جەنگی و کەرەستەی دیکە.
ترامپ بەردەوامە لە هەڕەشەکانی هێرشکردنە سەر ئێران ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ لە دانوستانەکاندا روو نەدات و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە وتووێژ لەگەڵ تاران وەکوو کۆتا مۆڵەت ئەنجام بدرێت.