ئاسایشی هەولێر: لە دوای تەراویح دوو کەس دەکوژرێن

‌دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، وێنەکە پۆلیسی هەولێر بڵاویکردوەتەوە

وتەبێژی ئاسایشی هەولیر بە میدیاکانی راگەیاندوە کە دوای نوێژی تەرویح لە بەردەم مزگەوتێک لە ناحیەی ڕزگاری "بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە دوو کەس کوژران، یەکێکیان پێشنوێژی مزگەوتەکەیە".

چوار شەممە، ٢٥ شوبات ٢٠٢٦، موقەدەم ئەردەڵان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند "تۆمەتبار لەکاتی هێنانی بریندارەکان، خۆی رادەستی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی ئێمرجنسی کردووە و یەکێک لە کوژراوەکان ناوی زوهێر هەرکییە و ناوبژی کردوە و مامۆستای ئایینی نییە، تەنیا نازناوی مەلای هەڵگرتووە بەهۆی دیندارییەوە".

سەبارەت بە ڕوداوەکە پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت " ئەمشەو کاتژمێر ٨:٠٠ ی ئێوارە لەناحیەی رزگاری لەسەر کێشەیەکی کۆمەلایەتی کەسێک تەقەی کردوە و لەئەنجامدا بۆتە هۆی کوژرانی دوو کەس بە ناوەکانی زوهێر مصگفی بوزو و  محمد یوسف ملا فرخ".

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردوە کە " دەست بە جێ تیمەکانمان گەیشتونەتە شوێنی رووداو هەردوو تۆمەتباری سەرەکیان بە ناوەکانی ( ی . م .ع ) و ( ع. ی . م ) دەسگیرکردوە دانیان بە تاوانەکەیان ناوە و لێکۆلینەوەش بەردەوامە".





PM:10:23:25/02/2026