ئیلهام ئەحمەد: لە پەرلەمانی ئەوروپاین بۆ گەیاندنی دەنگمان

‌وێنەیەک لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەی ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهەڵات عەفرین

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی  پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و رۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی گشتی یەکینەی پاراستنی ژنان (یەپەژە) سەردانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپایان کرد و کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا. 

چوار شەممە، ٢٥ شوبات ٢٠٢٦، ئیلهام ئەحمەد، سەبارەت بە پڕۆژەبڕیارەکەی  ١٢ شوباتی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پاراستنی کورد رایگەیاند "ئەو بڕیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە دەرچوون، پێداگرین لەسەر بنیادنانی سووریایەکی نوێ کە تێیدا هەموو گەلانی سوریا بە ئازادی بژین، لە سەرووی هەمووشیانەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد کە ساڵانێکە لە سیستمی سوریادا مافی پێشێلکراوە".

ئیلهام ئەحمەد لە بارەی  ئامانجیان لە سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا وتی ''دەمانەوێت لەم کۆبوونەوانەدا دەنگی خۆمان بگەیێنین، کە بۆ ئەم تێکەڵبوونەوەیەی روودەدات، گەرەنتییەک هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا میکانیزمی گەرەنتیکردنەکە دیار نییە.''
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات ''گەرەنتییەکی راستەقینە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەستەبەر بکرێت و لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسی دەستوور، چەسپاندنی مافی کورد لە دەستووردا و خۆسەربوونی هەرێمە کوردییەکان لە رێککەوتنەکەی ئێمەدا هەن و پێویستە بزانین چۆن جێبەجێ دەکرێن.''
 
ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، لەسەر بنەمای پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان، پێویستە خۆبەڕێوەبەری مسۆگەر بکرێ ''لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە زۆر بە گرنگی دەزانین کە پاڵپشتیمان بکەن، بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک پارێزراو بێت و بتوانین گەرەنتیی داهاتووشمان بکەین.''

ئیلهام ئەحمەد باس لە چالاکیی کورد دەکات لە شەڕی دژی داعشدا و ڕایگەیاند  ''پێویستە لە بەرامبەر ئەم کارانەی کە کراون، لانیکەم مافی کورد لە دەستووری سوریادا مسۆگەر بکرێ و وڵاتانی نێوەندگیر لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق، پاڵپشتمان بن تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێکی سیاسی لە نێوخۆی سوریادا دێتە ئاراوە، بەڵام هێشتا ئەو هەنگاوە نەنراوە.''
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە ''هێرشکردن بۆ سەر دیموکراسی بوو لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کە مافی ژنان و پێکهاتەکان گەرەنتی کرابوو. ئەوە هێرشێک بوو بۆ سەر هەموو ئەو بەهایانە.''
 
 ماوەی دوو ڕۆژە ئەو دوو بەرپرسەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی ئەوروپایان کردوە و بڕیارە چەندین کۆبونەوەی گرنگ ئەنجام بدەن. 




PM:11:29:25/02/2026