هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە توندی هێرش دەکاتە سەر لێدوانەکانی ڕەزا پەهلەوی و بە "بێبنەما" و "دوژمنکارانە" ناوی دەبات.
هاوپەیمانییەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی شوبات ڕایگەیاند'' لە کاتێکدا حزبە کوردییەکان قوربانیی فەتوای جیهادی خومەینی بوون، پەهلەوی خۆی نامەی بۆ خومەینی نووسیوە بۆ هاوکاری.''
هەروەها تۆمەتباری دەکات بەوەی بە بەڵێنی درۆی وەک ناردنی ستارلینک، ئازادیخوازانی خستووەتە داوی ڕێژیمەوە و دەبێت لە داهاتوودا دادگایی بکرێت.
هاوپەیمانییەکە جەخت لە پاراستنی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد و گەلانی بندەستی ئێران دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم جۆرە وتارە فاشیستی و پاوانخوازانە تەنیا ئیرادەی خەڵک بۆ ناشتنی دیکتاتۆری بەهێزتر دەکات.
لە کۆتاییدا داوا لە سەرجەم هێزە کوردییەکان دەکات بۆ بەرەوڕووبوونەوەی گوتاری تۆتالیتێر، بێنە ناو ڕیزەکانی ئەم هاوپەیمانییەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕێژیمی خومەینیدا و بەردوام پەناگە و پشتیوانی ڕاستەقینەی ئازادیخوازانی نەتەوەکانی ئێران بوون و لە ڕێگەی خەبات دژی ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرەدا تێچووی قورسیان داوە؛ کەچی ئەم کەسە حیزبە کوردییەکان بە هاوکاری لەگەڵ خومەینی تۆمەتبار دەکات. ئەم تۆمەتبارکردنەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەوکاتەی کوردستان لەسۆنگەی فەتوای جیهادی خومەینییەوە لە زەوی و ئاسمانەوە کرابووە ئامانجی هێرشی خوێناوی، ڕەزا پەهلەوی خۆی چەندین جار گوتوویەتی کە نامەی بۆ خومەینی نووسیوە و داوای کردووە وەک فڕۆکەوانێکی سادە لە ڕیزی هێزەکانیدا وەری بگرێت!
جێگەی سەرسوڕمانە کەسێک بەو ڕابردووە پڕ لە شەرمەزارییەوە، حیزبەکانی کوردستان بە هاودەستی لەگەڵ خومەینی و هۆکارە دەرەکییەکان تۆمەتبار دەکات؛ لە حاڵێکدا خۆی بە پێدانی بەڵێنی درۆ بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ناوخۆی وڵات سەبارەت بە بوونی دەیان هەزار هێزی هەڵاتوو لە ڕیزەکانی سەرکوتکەران، بوونی سەدان هەزار ئامێری "ستارلینک" و مەحاڵبوونی پچڕانی ئینتەرنێت و گەیشتنی یارمەتیی دەرەکی، هەزاران کەس لە ئازادیخوازانی ئێمەی کێشایە نێو داوی ڕێژیمی تاوانباری کۆماری ئیسلامی. بێگومان لە دوای ئازادیی ئێران و دوای دادگاییکردنی سەرانی خیانەتکاری حکوومەت و بکوژان و تاوانبارانی ڕێژیم، ناوبراویش دەبێ لە بەرامبەر ئەم جۆرە هەڵە خیانەتئامێزانەی خۆیدا وەڵامدەر بێت.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم جۆرە لێدوانە سووک و بێبنەمایانەی ڕەزا پەهلەوی، جەخت لەسەر هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆی لە پاراستنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد و مافە ڕەواکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران دەکاتەوە و پێی وایە ئەم جۆرە قینلەزگی و لێدوانی دوژمنکارانە لە کۆتاییدا ناگەنە هیچ ئەنجامێک، بەڵکوو ئیرادەی نەتەوە ئازادیخوازەکان و تێکۆشەرانی ئێران لە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجە ئازادیخوازانەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو و ناشتنی هەمیشەیی دیکتاتۆری و فاشیزم لە هەر جۆر و ڕەنگێک قایمتر دەکات. بۆیە جارێکی دیکەش داوا دەکەین لە سەرجەم هێزەکانی کوردستان کە خوازیاری ئازادی و بەرگری لە مافی نەتەوەکەی خۆیانن، بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گوتارە پاوانخواز و تۆتالیتێرەکان، بێنە ڕیزی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانەوە.