دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بڕیارێکی نوێی دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد و تێیدا گواستنەوەی زێڕ، مۆبایل و ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە ڕێگەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانییەوە قەدەغە کرد.
ئەم بڕیارە لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمیی بەشی گواستنەوەی ئاسمانییەوە ئاڕاستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کراوە، تاوەکو دەستبەجێ کارگۆ و گواستنەوەی ئەو کاڵایانە بۆ هەرێم ڕابگرن.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە بۆ نەبوونی نوێنەرانی دەزگای کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەگەڕێتەوە، کە ئەرکیان پشکنین و مۆرکردنی زێڕە هاوردەکراوەکانە.
حکومەتی فیدراڵ پێیوایە بەبێ ئامادەیی ئەم تیمانە، پرۆسەی هاوردەکردنی زێڕ لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکانی تێدا جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش وەک فشارێکی نوێ بۆ سەر چالاکییە بازرگانییەکانی هەرێم دەبینرێت.
سەبارەت بە مۆبایل و ئامێرە تەکنەلۆژییەکانیش، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئاماژەی بەوە کردووە، نەبوونی ڕەزامەندیی فەرمی لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی (CMC) هۆکاری قەدەغەکردنەکەیە.
بەپێی بڕیارەکە، هەر ئامێرێکی پەیوەندیکردن یان تەکنەلۆژیا کە لەو دوو فڕۆکەخانەیەوە هاوردە بکرێت، دەبێت پێشوەختە مۆڵەت و ڕەزامەندی فەرمی بەغدای هەبێت، بەپێچەوانەوە ڕێگری لێ دەکرێت.
ئەم هەنگاوەی بەغدا لە کاتێکدایە کە کێشە دارایی و ئیدارییەکانی نێوان ناوەند و هەرێم بەردەوامییان هەیە و داخستنی کارگۆی فڕۆکەخانەکان بەڕووی ئەم کاڵا گرنگانەدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بازرگانانی ئەو بوارە دەبێت.