بڕیاری قەدەغەکردنی گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم هەڵوەشێندرایەوە

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق ڕایگەیاند'' ئەو نووسراوەی پێشتر ئاراستەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کرابوو سەبارەت بە قەدەغەکردنی هاوردەکردن و گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بە فەرمی هەڵوەشاوەتەوە.''

جیهاد دیوان، وتیشی'' ئەم بڕیارە نوێیە لە بەیانی ئەمڕۆوە پێنجشەممە ٢٦ی شوبات، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و چیتر کار بە قەدەغەکردنی پێشوو ناکرێت کە تێیدا ڕێگری لە گواستنەوەی ئەو کەلوپەلانە دەگیرا.''

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی جەختی لەوە کردووەتەوە کە نووسراوی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەر ئەمڕۆ بۆ هەموو کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئاسمانی و هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەنێردرێت تاوەکو ڕێکارەکان ئاسایی ببنەوە.

ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارێکی لەو شێوەیە نیگەرانی لای بازرگانان و گەشتیاران دروست کردبوو بەڵام ئێستا گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل وەک پێشوو لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئاسایی دەبێتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری بڕیارە کۆنەکە و ڕێکارەکانی داهاتوو باس لەوە کراوە کە پاساوی سەرەکی بۆ قەدەغەکردنەکە نەبوونی ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری فیدراڵی بووە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم بۆ پشکنینی زێڕ، هەر بۆیە لە ئێستادا بڕیاردراوە کە دەبێت هاوشێوەی فڕۆکەخانەکانی تری عێراق وەک بەغدا و بەسرە و نەجەف و کەرکووک، ئۆفیسی ئەو دەزگا فیدراڵییە لە هەولێر و سلێمانیش بکرێتەوە تاوەکو چاودێری وردی جۆر و کێشی ئەو کەلوپەلانە بکەن کە هاوردە دەکرێن



PM:01:19:26/02/2026