هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان گەیشت وبڕیارە هەفتەی داهاتوو بەسەر پێشمەرگەدا دابەش بکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەمیدیای سەر بە پارتی ڕایگەیاندووە" بڕە پارەی هاوکاریی مانگی شوبات (مانگی ٢) هاوپەیمانان گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت".
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هاوکارییە داراییە کە وەک پشتیوانییەک بۆ پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەکرێت، هەفتەی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەسەر کاتی دابەشکردنی دەدرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، کە پڕۆسەی وەرگرتنی هاوکارییەکان گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە؛ بە جۆرێک لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە ٩٧٪ی ئەفسەران و پێشمەرگەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە هاوکارییەکانیان وەرگرتووە، ئەمەش شەفافییەت و خێرایی زیاتری بە پڕۆسەکە بەخشیوە.
لیوا ڕوکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە ناردنی ئەم هاوکارییانە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە دوای ئەو بەروارە، بڕیارەکە دەمێنێتەوە سەر ستراتیژی نوێی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەرامبەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.