وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانی قەدەغەکراو لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بڵاوکردەوە و دەڵێت " دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتییان کە بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان لەژێر چاودێریی وردی لیژنە پزیشکی و ڤێتێرنەرییەکاندا دەخیرێنە بازاڕەوە و شیاون بۆ خواردن".
پێنج شەممە، ٢٦ شوبات ٢٠٢٦، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند " هۆشداری توند دەدەینە سەرجەم خاوەن پرۆژەکانی (ئاژەڵداری، پەلەوەر و ماسی) و کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمانی ڤێتێرنەری، کە بە هیچ شێوەیەک دەستیان نەچێتە بەکارهێنانی ئەو ماددانەی کە لە لیستی قەدەغەکراوەکاندان. جەخت دەکەینەوە کە هەر لایەنێک پابەند نەبێت، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و داخستنی شوێنکارەکەی دەبێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ڤێتێرنەری، لیژنەکانی قایمقامییەت و هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون کە بە هەماهەنگیی تەواو، چاودێریی وردی بازاڕ و کێڵگەکان بکەن، مەبەست لەم هەنگاوە دەستبەسەرداگرتنی هەر جۆرە دەرمانێکی قەدەغەکراو یان بێ مۆڵەتە" وەزارەت روونی کردووەتەوە، "کە بە پشتیوانیی هێزی یاسا، هەر کەسێک دەستی لەم کارە نایاساییانەدا هەبێت، دەستگیر دەکرێ".
سەبارەت بەو حاڵەتانەی کە تۆمار کراون، وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد کە "ژمارەیەک کەسی دیاریکراو کە جۆرێک لە دەرمانی قەدەغەکراویان بەکارھێنابوو، دەستگیر کراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە گشتاندن بۆ هەموو کێڵگەکان بکرێت".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە "داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین کە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکەن و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی دەروونیی هاووڵاتییان و زیانگەیاندن بە ئابووریی نیشتمانی".