بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە کەشوهەوای پێشبینیکراوی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردوەتەوە و پێشیینی دەکات "نمەباران لە ناو شارەکاندا و بەفربارین لە چیاکان بەردەوام بێت".
پێنج شەممە، ٢٦ شوبات ٢٠٢٦، بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند "لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی نمەباران ڕووی کردۆتە بەشێک لە ناوچەکانی ئیدارەی زاخۆ وە تا ئێستاش کاریگەرییەکەی کە لە هەندێ ناوچە هەورە تریشقەی لەگەڵە درێژبۆتەوە بۆ سەر پارێزگای دهۆک و زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە، وە پێشبینی دەکرێ تا نیوە شەو باران بارین بە شێوەی نمە باران و بارانی مام ناوەند سەرجەم ناوچە شاخاویییەکانی هەولێر و سەنتەری شار و دەشتی هەولێر بگرێتەوە لە گەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم بۆ دوای نیوە شەو تا بەیانی زووی ڕۆژی هەینی".
"پێشبینی دەکرێ کاریگەری باران بارین درێژ بیتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر و کۆیە و ئیدارەی ڕاپەڕین و کەرکووک و گەرمیان وە پاشان بۆ ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەی گەرمیان هاوکات بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەی پچڕ پچڕ دەبێت، وە لە ئێوارەو شەودا باران بارین ڕادەوستێت و بەفر بارین تەنها لە ناوچەشاخاوییە بەرزەکان بەردەوامی دەبێت"، بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی وا دەڵیت.
هەروەها لە ڕاگەیانداروەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەدا هاتووە "بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەی ڕۆژی هەینی ٤-٧ پلە نزم دەبنەوە وە ئەگەری خۆڵ بارین هەیە بەتایبەت لە باشووری شاری هەولێر و کەرکووک و گەرمیان".
بەڕێوبەرایەتییەکە بڕی باران بارینی هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆکی ئاشکراکردوە و بەم شێوەیەیە:
دهۆک: ٢.٢ ملم
زاخۆ: ١٤.٦ ملم
ئاکرێ: ٠.٦ملم
ئامێدی: ٤.٠ ملم
بامەرنێ: ٦.٢ ملم
بارزان : ٣.٢ ملم