هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، تونجەر باکرهان، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی دەم پارتی لە ئامەد بە درووشمی "خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان دەکەین و دەنگمان دژی قەییوم بەرز دەکەینەوە"، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند "لەم قۆناغە نوێیەدا، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین، دەبێت کۆتایی بە کردەوەی قەییوم بهێنین، خەڵک دەیەوێت هەنگاوی کرداری ببینێت نەک قسە. گەڕاندنەوەی قەییومەکان دەتوانێت یەکەم هەنگاوی کرداریی قۆناغە نوێیەکە بێت، خەڵک تەنیا قسەی ناوێت، بەڵکو کردەوەی دەوێت، یەکێک لە گرنگترین و کرداریترین هەنگاوەکانی ئەم قۆناغە نوێیە، دەتوانێت بە گەڕاندنەوەی ئەحمەدەکان و ١٣ هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی دیکەمان بۆ سەر کارەکانیان دەستپێبکات".
هاوسەرۆکی دەم پارت وتی "لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە ئەزموونمان لە بەڕێوەبردنی حکومەتە خۆجێیەکاندا هەیە هەرچەندە لە قۆناغی جیاوازدا کارەکانمان پچڕاون، بەڵام نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە ناوچەکە و جیهانیشدا پرۆژەی گرنگمان ئەنجامداوە کە دیموکراسی، شەفاف، بەشداریکار، ژن-ئازادیخواز، ژینگەدۆست و لە خزمەتی گەنجان، گرووپە پەراوێزخراوەکان و منداڵاندا بوون، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێیانماندا باسمان لە کارە کراو و نەکراوەکانمان کرد و گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کرد کە لە داهاتوودا چی بکرێت بۆ ئەوەی شارەوانییەکانمان بەهێزتربن".
لە قسەکانیدا تونجەر باکرهان ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە نزیکەی ٣ خولە ئیرادەی گەل بە قەیووم زەوت دەکرێت و لە دوایین هەڵبژاردنیشدا ١٣ شارەوانییان بە نایاسایی بەڕێوەدەبرێن.
هەروەها لە کۆتایدا هاوسەرۆکەکەی دەم پارتی ڕایگەیاند "قەییومەکان بوونەتە شەرمەزاری بۆ ئەم وڵاتە و دەبێت ئەم شەرمەزارییە کۆتایی پێبێت، پێویستە کۆتایی بە زەوتکردنی ئیرادەی گەل بهێندرێت، گەل خۆی لە هەڵبژاردنی رابردوودا هەڵوێستی خۆی دژی قەییومەکان نیشاندا و دیسان پارتەکەی خۆی هەڵبژارد".