سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری لە بارەی خواردنی مریشکەوە ڕونکردنەوە دەدات


سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری کوردستان ڕونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بەکارهێننای دەرمانی فیورالتادۆن لە ناو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێن "بەکارهێنانی دەرمانی فیورالتادۆن لە ژمارەیەک کێڵگەی پەلەوەر مەترسیدارە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش چاوکراوەبوون و توانیویانە دەست بەسەر ئەم ماددە قەدەغەکراوە بگرن".

هەینی، ٢٧ شوبات ٢٠٢٦، سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری کوردستان ڕایگەیاند "بۆ خۆپارێزیی داهاتوو، پێویستە چاودێریکردن و کوالێتی کۆنترۆڵ بەهێز بکرێت، هۆشیاریی لەبارەی مەترسیداریی ماددە قەدەغەکراوەکان و لیستی ماددە قەدەغەکراوەکان بڵاوبکرێتەوە بۆئەوەی هەمووان پێی ئاشنابن".

لە بارەی ڕێکارەکانەوە سەندیکاکە وتویەتی "هاوکاریی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن بەتایبەت وەزارەتی کشتوکاڵ زیاد بکرێت، لەگەڵ ڕێکخستنەوە و توندوتۆڵکردنی سەرپەرشتیارانی پزیشکانی ڤێتێرنەری بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان".

چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە یەکێک لە میدیاکانەوە بەرنامەیەک پێشکەشکرا لەسەر پێدانی دەرمانێکی قەدەغەکراو بە مریشکەكانی ناو کێڵگە پەلەوەرییەکان کە دەبێتە هۆی دروستبوونی "شێڕپەنجە". 




AM:09:18:27/02/2026