بەهۆی بەفربارینەوە لە زیاتر لە ١٠ پارێزگای باکوری کوردستان کرایە پشوو

بەهۆی کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین و سەرماوە، ئەمڕۆ هەینی بڕیاری پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن لە ١٥ پارێزگای باکوری کوردستان درا. 

پارێزگاکانی وەک وان، ئەرزەڕۆم، دێرسم و هەکاری دەگرێتەوە، هاوکات فەرمانبەرانی دووگیان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە مۆڵەتی کارگێڕییان پێدراوە بۆ ئەوەی لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

 سەختی کەشوهەوا و کڕێوە بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆ و داخرانی ڕێگای سەرەکی و لاوەکی زیاتر لە هەزار و ٧٧ ناوچەی نیشتەجێبوون و گوند لە ناوچە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی وان و بەدلیس و مووش کە تێیاندا بەفرێکی زۆر کەڵەکە بووە و پەیوەندیی نێوان ئەو گوندانە و سەنتەری شارەکانی بەتەواوی پچڕاندووە.

لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا تیمەکانی شارەوانی و ڕێگاوبان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و تەنیا لە پارێزگای وان ٦٠٠ کارمەند بە هاوکاری ٢٤٠ ئامێری قورس سەرقاڵی پاککردنەوەی شەقامەکانن، ئەم تیمانە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگا سەرەکییەکان بە کراوەیی بهێڵنەوە و ڕێگری بکەن لە دروستبوونی کارەساتی مرۆیی بەهۆی سەرما و بڕانی ڕێگاکان.

ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە پارێزگای وان ٣٩٠ ناوچە و لە بەدلیس ٣٠٤ گوند و لە پارێزگای مووش ڕێگای ١٧٣ گوند بەهۆی بەفرەوە داخراون، تیمەکانی ڕێگاوبان بەردەوامن لە کارکردن لەژێر تەم و سەرما و کڕێوەی بەهێزدا بۆ ئەوەی بتوانن لە زووترین کاتدا دەروازەی ئەو ناوچانە بکەنەوە و هاتوچۆی هاووڵاتییان ئاسایی بکەنەوە.




PM:04:54:27/02/2026