وتەبێژی دەمپارتی، وەک کاردانەوەیەک بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان ڕایگەیاند'' کۆمەڵگەی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستییەکی زۆریان بەم بانگەوازە هەیە.''
ئایشەگوڵ دۆغان، جەختی کردەوە کە ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەتی تورکیا لەبری لێدوانی میدیایی، هەنگاوی یاسایی و کردەیی بنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، چونکە پەیامەکەی ئۆجەلان پێشنیازێکی ڕاستەقینەی چارەسەری تێدایە.
وتەبێژی دەمپارتی ڕوونیکردەوە، بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە تەنیا بڕیارێکی تاکتیکی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی درێژخایەنە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە پەکەکە هەنگاوی یەکەمی ناوە و ئێستا ئەرکی دەوڵەتە کە قۆناغی دووەم دەست پێ بکات، چونکە پرۆسەی ئاشتی بە لایەنێک بەڕێوە ناچێت و پێویستی بە هەماهەنگی هەردوولایە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەمپارتی داوای کرد کە وەزیری داد و حکومەت میکانیزمی پێویست دابنێن بۆ پاراستنی پرۆسەکە و دابینکردنی دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەو کەسانەی چەکیان داناوە، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی بتوانن بەبێ گرفت و بە ئازادی بگەڕێنەوە ناو وڵاتەکەیان، کە ئەمە بە خاڵێکی جەوهەری دەبینرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت و بە ئامانجی کۆتایی بگات.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی شوبات، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە نوێترین پەیامیدا جەختی لەوە کردەوە کە کورد و تورک بەبێ یەکدی ناژین و ئەم پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی ڕەسەنە، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت لە سەردەمی توندوتیژییەوە بەرەو قۆناغی بونیادنانی دیموکراسی و سەروەریی یاسا هەنگاو بنرێت و داوای لە هەموو لایەک کرد بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ بۆ خوڵقاندنی ئەم دەرفەتە.