شەڕی سێبەری ئامۆزاکان لە نێوان ئاڤا میدیا و رووداو دەستیپێکردەوە


شەڕی سێبەری ئامۆزاکان ( نێچیرڤان بارزانی ) و ( مەسرور بارزانی ) لە رێگای هەردوو کەناڵی ئاڤا میدیا و رووداوەوە ئەمجارە لەسەر مریشک سەریهەڵدایەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ هەینی ٢٧ ی شوبات بڕیاری لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پشتیوانی و سەلامەتی بەرهەمی ناوخۆیی مریشک پێکهێنا، لیژنەکە بە وردی لێکۆڵینەوە لەبابەتی پێدانی دەرمانی قەدەغەکراو بە کێڵگە پەلەوەرییەکان دەکات، ئەمە دوای بەرنامەیەکی کەناڵی رووداو دێت کە لە هەفتەی رابردوودا لەسەر پێدانی مادەی فیوراڵتادۆن و چیرۆکی ئەو مادەیە  و بەکارهێنانی لەکێڵگە پەرلەوەرییەکان و ئەگەری زیانەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ.

لەو ساتەوەی ئەو بەرنامەیە پەخشکراوە لە کەناڵی رووداو کەناڵی ئاڤا میدیا بەرنامە لەسەر بەرنامە سازدەکات بەناوی " پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ" و بە ناراستەوخۆ رووداو تۆمەتبار دەکات بەوەی دژی بەرهەمی ناوخۆیە.

شەڕی سێبەری هەردوو ئامۆزای حوکمڕان لە ڕێگای ئەم دوو میدیایەوە لە رووداوەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و هێرشی چەکدارانی شەرع بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوام بوو.

ساڵی ٢٠٢٥ ش ئەم شەڕە درێژەی هەبوو، هەرچی کەناڵی ئاڤا بوو رووداو بە ناراستەوخۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی وەک کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆن کاردەکات.

ساڵێ پار بە دوور لە چاوی کامێران سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ میدیاکانی پارتی و ئەو دوو کەناڵەدا سازکردو بە راشکاوی رەخنەی لە رووداو گرتبوو، هاوکات داواشی  لێکردبوو ئەو شێوازی ئیشکردنە بگۆڕن، دوای ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ماوەیەکیش پەیوەندی میدیایی ئەو دوو کەناڵە بەرەو باشبوونەوە رۆشت، بەڵام جارێکی لەم رۆژانەدا لەسەر مریشک و پێدانی دەرمانی مادەی فیوراڵتادۆن بە مریشیکی کێڵگەکانی پەلەوەران بە توندی دەستیپێکردەوە. 




AM:12:02:28/02/2026