دژەتیرۆری کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردوەتەوە و داوا لە دانێشتوانی هەرێمی کوردستان دەکات کە لە "کاتی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، لە شوێنی پارێزراو بمێننەوە".
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦، دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند "لە ئانوساتی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، پێویستە هاووڵاتییان لە شوێنی گونجاو و شیاودا خۆیان بپارێزن، ئەم ڕێکارە بۆ ئەوەیە تاوەکو لە کاتی بەرپەرچدانەوەی تەنەکان لە لایەن سیستەمی بەرگرییەوە، هاووڵاتییان دووچاری زیانی گیانی و ڕووداوی نەخوازراو نەبنەوە".
دژە تیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەکردوە کە لە چەند ناوچەیەک پارچەی تەنە تێکشکاوەکان کەوتوونەتە خوارەوە، بۆیە "مانەوە لە شوێنی پارێزراو گرنگیی تایبەتی هەیە بۆ سەلامەتیی گیانی هەمووان".
بەیانی ئەمڕۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستی پێکرد و ئێرانیش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و تا ئێستا ٥ جار بۆردومانی بارەگا و جێگاکانی ئەمریکای لە هەولێر کردوە، کە بە پێی ڕاگەیاندراوێکی دیکەی دژەتیرۆر سەرجەم هێرشەکان پوچەڵكراونەتەوە.