کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر سێکتەری وزە و بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە کۆمپانیای دانەگاز بەرهەمهێنانی گازی ڕاگرتووە.''
ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی کارەبای بەرهەمهاتوو لە ٤٠٠٠ مێگاواتەوە بۆ کەمتر لە ١٥٠٠ مێگاوات دابەزێت و کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان بۆ نیوە کەم ببێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم تەنگژەیەدا و بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت، کۆمەڵێک بڕیاری بەپەلە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی تۆڕی کارەبا دراون کە گرنگترینیان بریتین لە بڕینی کارەبای کارگە پیشەسازییەکان و ڕاگرتنی ناردنی کارەبا بۆ بەغدا، هاوکات بڕیاردراوە بڕی دوو ملیۆن لیتر گازوایل بۆ وێستگەی دهۆک دابین بکرێت تاوەکو بتوانرێت کەمێک لەو کورتهێنانە گەورەیە پڕ بکرێتەوە.
سەبارەت بە کەرتی نەوت، وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ڕاگرتنی کارەکانی پێنج کۆمپانیای نەوتی، ئاستی بەرهەمهێنان بۆ نیوە دابەزیوە و تەنیا ٩٠ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە پرۆسەی دابینکردنی بەنزین و گازوایل بۆ پێویستی ناوخۆ بەردەوامە و گازی ماڵانیش بۆ ماوەی مانگێک لە کۆگاکاندا هەیە و هیچ گرفتێکی کەمیی سووتەمەنی دروست نابێت.
لە کۆتاییدا حکومەتی هەرێم پەنای بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە جێگرەوەکانی وەک وێستگە کارۆئاوییەکان و سیستمی سۆلار بردووە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان، هەروەها وەزارەتی کارەبا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ناردنی گازی زیاترەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکرێت و دۆخەکە لەوە زیاتر کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دروست نەکات.