ئەم بەیانییە دووجار هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر و قایمقامی قەزاکەش دەڵیت "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
یەک شەممە، ١ ئایار ٢٠٢٦، شێروان جەلال، قایمقامی قەزای هەریر بە میدیاکانی راگەیاند "هێرشی یەکەم کاتژمێر ٠٤:٤٣ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بووە و هێرشی دووەمیش کاتژمێر ٠٨:١٥ خولەک بوو، هەردوو هێرشەکە فڕۆکەخانەی هەریریان کردووەتە ئامانج و هیچ زیانێکی نەبووە".
سەبارەت بە هێرشەکە شێروان جەلال وتی "هێرشەکان بەراورد بە هێرشەکانی پێشوو بەهێزتربوون، گومانەکان زۆری بۆ ئەوەن درۆن بووبێت".
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و یەکێک لەو ناوچانەی لە دوێنێوە هێرش دەکرێتە سەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بووە، کە هێزی هاوپەیمانان لە بەشێکیدان.