دۆناڵد ترەمپ: بەهۆی هێرشەکانمانەوە ٤٨ بەرپرسی ئێران کوژراون

سەرۆکی ئەمریکا، وردەکاری نوێی دەربارەی هۆکار و ئامانجەکانی هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند'' ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕێگری لە کارەساتێکی گەورە گرتووە.''

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" وتی'' ئەگەر ئەمریکا دەستی بەم هێرشانە نەکردایە، تاران زۆر لەوە نزیکتر بوو کە جیهان بیری لێدەکردەوە و ئەگەر ئەمەمان نەکردایە، ئێرانییەکان تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا دەبوونە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.''

 ئاماژەی بەوەش کرد کە بەدەستهێنانی ئەو چەکەیان دەبووە هۆی ئەوەی هیچ کام لە هەنگاوەکانی ئێستا بۆ ئەمریکا گونجاو نەبن.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی هێرشەکان، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکە زیانی گەورەی بە دەسەڵاتی سەربازی و سیاسی ئێران گەیاندووە. 

ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە تاوەکو ئێستا ٤٨ بەرپرسی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و سەربازییەکانی ئەمریکا کوژراون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ وردی ئامانجەکان.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم گرژییە لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی، ترەمپ دڵنیایی دا کە واشنتن کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی کردووە. وتی'' هیچ نیگەران نیم لە نرخی نەوت یان تێکچوونی دۆخەکە لە گەرووی هورمز.''

 جەختیشی کردەوە کە سوپای ئەمریکا بە تەواوی ئاگاداری ژمارەی ئەو ئامانجانەیە کە ماون و پێویستە بکرێنە ئامانج.

لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ کەناڵی "سی ئێن بی سی"، ترەمپ دووپاتی کردەوە کە پڕۆسە سەربازییەکە زۆر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و دەڵێت'' ئۆپەراسیۆنەکان لە ناو ئێراندا زۆر خێراتر لەو خشتەیەی بۆی دیاریکرابوو دەڕۆنە پێشەوە."

 لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ نیگەرانییەکی نییە چونکە "کاری ڕاست" دەکات و دڵنیایە لەوەی ئەنجامەکە بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا دەبێت.






PM:07:37:01/03/2026