ئێران هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی کردە سەر پارتەکانی ڕۆژهەڵات

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێکی چڕدا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، چوار بارەگا و کامپی حزبە بەرهەڵستکارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج و بووە هۆی دروستبوونی گرژی لە ناوچەکەدا.

بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، لە نێوان کاتژمێر ٧:٣٠ بۆ ٨:١٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ، مووشەکێک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بەر بارەگای پارتەکانی کۆمەڵە لە گوندی زڕگوێزەڵەی سەر بە شارەدێی تانجەڕۆ لە پارێزگای سلێمانی کەوتوون، ئەم هێرشە ڕاستەوخۆیە زیانی ماددی گەورەی بە باڵەخانەکان گەیاندووە بەڵام تەنها یەک برینداری لێکەوتووەتەوە.

لە هەوڵێکی دیکەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ کە ئاراستەی کامپی "زەوییە سپی"ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرابوو، پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی تەقێندرایەوە، هاوکات ژمارەیەک مووشەکیش کە ئاراستەی بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە شارەدێی پردێ کرابوون، لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە خرانە خوارەوە و نەیانتوانی زیان بە ئامانجەکانیان بگەیەنن.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی "سی پی تی" ئەمریکی جەختی لەوە کردووەتەوە، لە ناو ڕیزەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هیچ کەسێک نەکوژراوە و بریندار نەبووە، ئەم لێدوانەش دوای ئەوە دێت کە سەرەتا دەنگۆی هەبوونی قوربانی بڵاوکرایەوە، بەڵام دەرکەوت تەنها یەک کەس لە ناوچەی تانجەڕۆ بە سووکی بریندار بووە.

هاوکات، پەیامنێرانی سپی میدیا پەیوەندیان بە بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە، باسیان لەوەکرد کە تەنها چەند درۆنێک هاتونەتە ئاسمانی ناوچەکە و خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکێکی ماددی و گیانی بەر ئەندامانی کۆمەڵە و بارەگاکانیان نەکەوتەوە. 

هێرشەکانی ئێران تەنها پارێزگای سلێمانی و کەرکووکی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە شارەدێی سوورداشیش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بینراوە کە ئاراستەی کامپی پارتەکانی کۆمەڵە کراوە، بەڵام بەر لەوەی بگاتە ناو جەرگەی کامپەکە لە ئاسمانەوە خراوەتە خوارەوە و ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە ناو پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیراوە.




PM:11:12:01/03/2026