پژاک: ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکرێت


وتەبێژی ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران قسەی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز کردوە و  دەڵیت "ئامانجی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی سوپای پاسادارانی ئێران لەناو شارەکاندا، ئەوەیە دوای ئەوەی کە لە ناوخۆدا گورزیان لە هێزە سەربازییەکان و سوپا وەشاند، هێرشی زەمینیی دەستپێ بکەن".

دوو شەممە، ٢ ئادار ٢٠٢٦، گەلاوێژ ئەورین، وتەبێژی پژاک ڕایگەیاند "دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر ناوەندە سەرەکییەکان، ئێستا هێرش دەکرێتە سەر ئەو شارانەی تر کە بارەگای سەربازیی ئێرانی تێدایە، ئەو هێرشانەی کە لەسەر (ئیلام، ئورمییە، کرماشان، سنە، مهاباد، دیواندەرە، نەغەدە، بانە، کامیاران و مەریوان) دەکرێن، پارچەیەکن لە قۆناغی دووەمین، بۆ نموونە لە مهاباد بارەگایەکی ئیتلاعات بۆردوومان کرا، لە ئورمییە بنکەیەکی سەربازیی، هەروەها بارەگاکانی پۆلیس کرانە ئامانج".

لە بارەی ئامانجی سەرەکی هێرشەکان وتەبێژی ڕاگەینادنی پژاک وتویەتی "هێزی سەربازیی و سوپای ئێران لەناوخۆی شارەکاندا لاواز بکەن و دوای ئەوە دەتوانن هێرشی زەمینیش ئەنجام بدەن، دیارە لە کەنداوەوە خۆیان ئامادە دەکەن کە دەست بە هێرشێکی زەمینیی بکەن، بەڕێوەچوونی شەڕەکە لە ئێستادا ئاماژەیەکی وەها نیسان دەدات".

سەبارەت بە هەڵوێستی پارتەکەیان بۆ پاراستنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلاوێژ ئەورین ڕایگەیاند"وەکو هێزێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێمە پارێزگاری لە گەلی خۆمان دەکەین، لە ڕاستیدا ئەو دۆخەی کە هەیە، هەم ماف و هەم ئەرکێکی وەها دەخاتە سەر سانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بێگومان دۆخی شەڕ سبەی بەرەو کوێ بڕوات دیار نییە، بەڵام ئامادەکاری پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پاراستنی گەلی کورد هەیە، گەلی کورد لە هەموو بارودۆخ و شەرت و مەرجێکدا خۆپاراستن پێش دەخات".

شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. 




PM:05:24:02/03/2026