لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان عەمید زیاد ئەلعایش، ڕاسپێردراوی سەرۆکایەتی و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەچوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە پارێزگاری حەسەکە و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵا سەربازی و ئەمنییەکان ئامادەی بوون، جەخت لەسەر خێراکردنی هەنگاوە کردەییەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرایەوە.
تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاو بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، کە ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەبینرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە کرا بە شێوەیەک کە یەکگرتوویی ڕیزەکان و هەماهەنگی هاوبەش لە داهاتوودا مسۆگەر بکات.
سەبارەت بە لایەنی مەیدانی، بڕیار درا سێ لیوای سەربازی بە فەرمی تێکەڵ بە فیرقەی ٦٠ بکرێن کە لەژێر فەرماندەیی عەمید عەواد جاسم دابێت.
ئەم هەنگاوە وەک یەکەمین هەنگاوی کردەیی بۆ یەکخستنی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت و ئامانج لێی دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان.
لەلایەکی دیکەوە و لە پێناو نیشاندانی نیازپاکی، دۆسیەی دیلەکان وەک بەشێکی گرنگی ڕێککەوتنەکە تاوتوێ کرا.
عەمید زیاد ئەلعایش ڕایگەیاند'' هەر لە ئەمڕۆوە پرۆسەی ئازادکردنی ٦٠ دیل دەستپێدەکات، کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هیچ تۆمەتێکی تاوانکارییان لەسەر نەسەلمێنراوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناوچەکەدا.''