حکومەتی هەرێم ڕێکاری نوێ بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیانە ڕادەگەیەنێت کە لە دەرەوە گیریان خواردووە

دوای دروستبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە و پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕاسپاردووە بۆ بەهاناوەچوونی ئەو هاونیشتیمانیانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە. 

لەم چوارچێوەیەدا، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە توانی ڕەزامەندی وڵاتی تورکیا بەدەستبهێنێت بۆ پێدانی ڤیزای ترانزێتی پێنج ڕۆژە بەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت لە ڕێگەی تورکیاوە بە وشکانی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

پێویستە ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت سوودمەند بن، سەرەتا فۆڕمی ئۆنلاین پڕبکەنەوە و لە کاتی هەبوونی هەر پرسارێکدا پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی (07508035680 - 07508035681) بکەن کە لەسەر پلاتفۆرمەکانی وەتسئاپ و ڤایبەر و تێلیگرام بەردەستن. دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن هێڵە گەرمەکانەوە، دەتوانن سەردانی نزیکترین نێردەی دیپلۆماسی تورکیا بکەن بۆ وەرگرتنی ڤیزاکە، بەو مەرجەی تیکتی گەڕانەوەیان تەنها لەڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکانەوە بڕیبێت.

بۆ وەرگرتنی ئەم کارئاسانییە، پێویستە گەشتیار پێش سەردانی کۆنسوڵخانە تیکتەکەی کڕیبێت و ڕەچاوکردنی کاتی گونجاو بکات چونکە ڤیزەکە تەنها بۆ ٥ ڕۆژە. هەروەها مەرجە داواکار ناوی لە لیستی قەدەغەکراوانی تورکیا نەبێت و هیچ پێشینەیەکی نایاسایی نەبێت. ئەم بڕیارە تەنها هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی دەگرێتەوە، بۆیە ئەو کەسانەی پاسپۆرتی تریان هەیە (وەک دۆمینیکا) دەبێت پاسپۆرتە عێراقییەکەیان لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ نێردە دیپلۆماسییەکان.

ئەم کارئاسانییە کاتییە و تا کاتی کردنەوەی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لە کاتی گەیشتن بە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل-یش تیمە تایبەتەکانی حکومەت هاوکاری تەواوی گەشتیاران دەکەن. حکومەتی هەرێم دڵنیایی دەداتە ئەو هاوڵاتیانەشی کە لەو ناوچانەن کە بە ڤیزای تورکیا کێشەکەیان چارەسەر نابێت، کە هەوڵەکان بەردەوامن و تا گەڕانەوەی دوایین هاونیشتیمانی لە کارەکانیان ناوەستن.




PM:09:11:02/03/2026