هاوپەیمانی هێزە کوردستانییەکان: لەکاتی ڕاپەریندا دەزگاکان بپارێزن

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند” ئێران و کوردستان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی قووڵ و بنەڕەتیدا دەژین، ئەمەش دوای ئەوەی کە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی ڕێژیم و دەستێوەردانە ناوچەییەکان و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی، وڵاتەکەی بەرەو داڕمانی ئابووری و وێرانی بردووە.” 

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە” کوژرانی عەلی خامنەیی و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سوپا، پرۆسەی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی خێراتر کردووە و دۆخێکی نوێی خوڵقاندووە.”

لە بەشێکی دیکەی جەخت کراوەتەوە کە ئەم شەڕە هیچ پێوەندییەکی بە گەلانی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانییەوە نییە، بەڵکو تەنیا ململانێی ڕێژیمێکی دیکتاتۆرە کە خەڵکی کردووە بە بارمتە و مافەکانی لێ زەوت کردوون. 

هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بە کۆمەڵکوژییەکانی مانگی ١٠ی کردووە و ڕایگەیاندووە” ئێستا کاتی ئەوە هاتووە خەڵک بە وشیارییەوە چاودێری ڕووداوەکان بکەن و هەنگاوەکانیان لەگەڵ ڕێنماییەکانی هاوپەیمانی ڕێکبخەن بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی و یەکگرتوویی بەرەو قۆناغی داهاتوو هەنگاو بنێن.” 

سەبارەت بە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە گشتییەکان، داوا لە هاووڵاتییان کراوە کە لە کاتی ڕاپەڕین و کشانەوەی هێزەکانی ڕێژیمدا، بە هەموو شێوەیەک بنکە و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان بپارێزن و ڕێگە نەدەن هیچ زیانێکیان پێ بگات. هەروەها داوایەکی ڕاستەوخۆ ئاراستەی هێزە چەکدارەکانی ناوخۆی وڵات کراوە کە ڕیزی خۆیان لە پاشماوەکانی ڕێژیم جیا بکەنەوە و نەبنە قەڵغان بۆ پاراستنی دەسەڵاتێکی ڕووخاو، بەڵکو بگەڕێنەوە ناو باوەشی گەلەکەیان و ئەم هەلە بۆ ڕزگاری بەکار بهێنن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە پێویستە خەڵک لە بنکە سەربازی و ئەمنییەتییەکان دوور بکەونەوە و بە ژیرییەوە مامەڵە بکەن و خۆیان لە هەر جۆرە تۆڵەسەندنەوەیەکی تاکەکەسی بپارێزن کە زیان بە ئارامیی کۆمەڵگە دەگەیەنێت. هاوکات داوا لە بازرگانان و کاسبکاران و خاوەن‌ماڵەکان کراوە کە لەم ڕۆژە سەختانەدا هاوکاری چینە هەژارەکان و کرێچییەکان بن و بە گیانێکی نەتەوەییەوە پشتی یەکتر بگرن تا ئەو کاتەی هاوپەیمانییەکە هەنگاو و بەرنامەکانی داهاتووی خۆی لە ڕاگەیەندراوەکانی تریدا بڵاو دەکاتەوە.




PM:09:36:02/03/2026