سەرایا ئەولیا دەم: هێرشمان کردەوە سەر هەولێر

گرووپی سەرایای ئەولیا دەم ڕایگەیاند'' بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی ئاداری ٢٠٢٦، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر هۆتێلێک لە شاری هەولێر، بەو پاساوەی کە سەربازانی ئەمریکی تێدا نیشتەجێ بوون.'''

ئەم گرووپە، کە خۆی وەک بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنێت، ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکە وەک تۆڵەکردنەوەیەک بووە بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، و بە ئامانجی پشتگیریکردن لە تاران ئەنجامدراوە.

 گرووپەکە پێش هێرشەکە لە تێلێگرام ڕایگەیاندبوو'' تەنانەت هۆتێلەکانیش ناتوانن سەربازانی ئەمریکی بپارێزن.''

 دواتریش جەختیان لەوە کردەوە کە ئامانجەکەیان پێکاوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان و هاوپەیمانان هیچ زانیارییەکیان لەسەر قەبارەی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.

"سەرایای ئەولیا دەم" کە لە دوای ساڵی ٢٠٢٠ و کوژرانی قاسم سولەیمانی دەرکەوتووە، پێشتریش چەندین هێرشی کردووەتە سەر هەولێر، لەوانە هێرشە خوێناوییەکەی شوباتی ٢٠٢١ کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک.




AM:09:08:03/03/2026