ئاژانسی ئەکسیۆس ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئاشکرادەکات

ئاژانسی ئاکسیۆس ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژێک دوای هێرشەکان بۆ سەر ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هەستیاری لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامداوە.

ئەم هەنگاوەش وەک ئاماژەیەکی نوێ بۆ گۆڕانی هاوسەنگییەکان لە ناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە و وتەبێژی کۆشکی سپیش پشتڕاستی کردووەتەوە کە ترامپ لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکان لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پەیوەندییانە ئەنجامی چەند مانگێک کارکردنی پشت پەردەی بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە، کە لە دیدارەکانیدا لەگەڵ ترامپ داکۆکییەکی زۆری لە کورد کردووە و پێی وایە کوردەکان هێزێکی کاران کە دەتوانن لە دژی ڕژێمی ئێران ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی گەورە دروست بکەن.

 لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل وەک "ڕەهەندێکی چارەنووسساز" سەیری هێزی پێشمەرگە دەکەن، چونکە خاوەنی ئەزموونێکی دەیان ساڵەی شەڕکردنن و دەتوانن لە هەر هەڵمەتێکی سەربازیی سەر زەویدا دژ بە ئێران ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن، هەرچەندە هێشتا وردەکاریی ئەو ڕۆڵە و شێوازی بەشداریکردنیان لە داهاتوودا بە تەواوی ڕوون نەکراوەتەوە.

 سەرەڕای بایەخی کورد بۆ پلانەکانی ئەمریکا، ئاکسیۆس باس لەوە دەکات کە ئەم نزیکبوونەوەیە ڕەنگە ئاڵۆزی لەگەڵ تورکیا دروست بکات کە هاوپەیمانی ناتۆیە، هەروەها هەندێک لە داڕێژەرانی سیاسەت گومانیان هەیە کە ئایا نەتانیاهو لە خەمڵاندنی ژمارەی ئەو کوردانەی ئامادەن چەک دژی ئێران هەڵبگرن زیادەڕەویی کردبێت یان نا، بەڵام هاوڕان لەسەر ئەوەی کە کورد هێزێکی حیساب بۆ کراوە.




PM:12:18:03/03/2026