کەشناسی: پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و بەفروباران بەردەوام دەبێت

کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە

 بۆ ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی ئاداری ٢٠٢٦، پێشبینی دەکرێت ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان ساماڵ و پەڵە هەور بێت، تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان نەبێت کە ئاسمان دەبێتە نیمچە هەور، پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ کەمێک ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.

 بۆ سبەی چوارشەممە، ٤ی ئادار، ئاسمان لە ساماڵەوە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لە کاتەکانی شەودرەنگدا دەبێتە هەوری تەواو. پلەکانی گەرمای بەرزترین کەمێک بەرز دەبنەوە و نزمترین پلەکانیش بە چەند پلەیەک دادەبەزن. 

 لە درەنگانی شەوی چوارشەممەوە کاریگەریی شەپۆلێکی بارانبارینی لاواز ڕوو لە ناوچەکە دەکات و مەودای بینین کەمێک کەم دەبێتەوە. 
چاوەڕوان دەکرێت ئەم شەپۆلە بۆ ڕۆژی پێنجشەممە کاریگەرییەکانی زیاتر ببن، بەڵام بەهۆی لاوازیی فشارەکانەوە، بارانبارینەکە هەموو ناوچەکان ناگرێتەوە و زیاتر بە شێوەی نمەباران یان بارانی مامناوەند لە شوێنە جیاجیاکان دەردەکەوێت.

 بەپێی کەشناسی، ڕۆژی پێنجشەممە ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لەو ناوچە شاخاوییە بەرزانە هەیە کە پتر لە ١٨٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن. هەروەها لە هەندێک کاتدا ئەگەری بارینی تەزرە لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، ئەمەش بەهۆی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەک کە دەبێتە هۆی ناجێگیریی کاتیی کەشوهەوا لەو ناوچانەدا.





PM:12:57:03/03/2026