مەسرور بارزانی: تا سەر ناتوانن بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ بین



سەرۆک وەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی رایگەیاند" داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین ڕێگە بەم تیرۆریست و لەیاسادەرچووانە نەدەن چیتر پەلاماری کوردستان بدەن، چونکە ئێمەش ناتوانین تا سەر بێدەنگ بین."

سێ شەممە، ٣ی ئادار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەراسمی کردنەوە نەخۆشخانەی "ماجدیی تایبەت" لە هەولێر ئامادەبوو، لەو مەراسیمەدا قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند "جێی داخە ناوچەکەمان دووچاری گرژی و نەهامەتی بووەتەوە، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا، هەندێ لایەنی لەیاسادەرچوو و تیرۆریست هەولێریشیان کردووەتە ئامانجی خۆیان."

سەرۆکی حکوومەت پەیامێکی توند ئاراستەی بەغدا کرد و وتی "داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین ڕێگە بەم تیرۆریست و لەیاسادەرچووانە نەدەن چیتر پەلاماری کوردستان بدەن، چونکە ئێمەش ناتوانین تا سەر بێدەنگ بین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر کێشەی دواکەوتنی مووچە و و سوپاسی پشوودرێژیی هاووڵاتییانی کوردستانی کرد. ئاشکراشی کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی خۆی بەرانبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە، و لە ئێستاشدا بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی. 

سەرۆکی حکوومەت داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد کە ئەوانیش پابەندبوونەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکەن.

سەبارەت بە کەرتی کارەبا، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، حکوومەت لەسەر بەڵێنی خۆیەتی بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە رێگەی پرۆژەی (رووناکی)یەوە بۆ سەرجەم شار و گوندەکانی کوردستان.

سەبارەت بەو کەمبوونەوەیەی ئێستای کارەباش، سەرۆکی حکوومەت روونکردنەوەی دا و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەو پەلامارانەی کراونەتە سەر کێڵگەکانی نەوت و غاز. ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، کۆمپانیاکان بۆ خۆپارێزی بەرهەمهێنانیان کەم کردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کارەبا کەم ببێتەوە. 




PM:04:44:03/03/2026