" ناردنی نەوتی هەرێم بۆ جیهان راگیرا "


سەرجەم کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگەوە بەرهەمهێنانیان راگرتووەو، ئەمەش بۆتە هۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا.

کەناڵی ٨ ی نزیک یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاویکردەوە" سەرەتا دوو کۆمپانیا بەرهەمهێنانیان ڕاگرت، هەردوو کۆمپانیای (HKN) و (Gulf Kiston) بەرهەمهێنانیان ڕاگرتبوو، کە دوو گەورە کۆماپانیای بەرهەمهێنانی نەوتن لە هەرێمی کوردستان".

هەروەها هاتووشە "كۆمپانیای شاماران كە لە كێڵگەكانی نەوتی ئەترووش و سەرسنگ خاوەن پشكە و بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای (ئێچ كەی ئێن) كێڵگەكان بەڕێوە دەبەن، بڵاوی كردووەتەوە، ئاگادار كراونەتەوە كارەكانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن".

هاوكات كۆمپانیای گەڵف کیستۆن، كە كێڵگەی نەوتیی شێخانـی بەدەستەوەیە، ڕایگەیاندووە "بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە و بە ئامانجی خۆپاراستن، بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرتووە" .

ئەوە لەکاتێکدایە، ڕەوانەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی دابینکردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشییەکان، پێناچێت ئەم ڕاگرتنە گرفت بۆ دابینکردنی مووچە دورستبکات، چونکە ڕاگرتنەکە لە دەرەوەی ئیرادەی هەرێمی کوردستانە.





PM:05:23:03/03/2026