بە گوێرەی راپۆرتێکی ئەمریکی ترەمپ لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردە کوردەکان قسەی کردووە و هەروەها ئامادەیە پشتگیریی ئەو گرووپانەی نێو ئێران بکات کە دەیانەوێ چەک هەڵگرن بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستا.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانە ئاگاداری ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە کە " رۆژی یەکشەممە ترەمپ لەگەڵ سەرکردە کوردەکان قسەی کردووە و بەردەوامە لە پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە نێوخۆییەکانی دیکە کە لەوانەیە سوود لە لاوازیی تاران وەربگرن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت".
رۆژنامەکە نوسیوێتی" کورد هێزێکی بەرچاوی لە سنووری هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، هەروەها ئیسرائیل چەند پێگەیەکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو پێشبینییەی کە ئیسرائیل رێگە بۆ پێشڕەویی کوردەکان خۆش دەکات".
بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە بەرپرسانی ئەمریکا،وتویانە کە هێشتا ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە نەداوە، لەوانەش ئەوەی کە ئایا چەک، مەشق و راهێنان یان پشتگیریی هەواڵگری پێشکێشی "گرووپە دژبەرەکانی دەسەڵاتی ئێران" بکات یان نا.