مستەفا مەولودی: کاردەکەن بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی فیدڕاڵی لە ئێران

مستەفا مەولودی، جێگری سکرتێری گشتی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند" هێزە سیاسییەکانی کورد، کە پشتیوانی خەڵکی خۆشیان هەیە، کاردەکەن بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی فیدڕاڵی لە ئێران. بۆ ئەوە هەوڵدەدەین."

وتیشی" لەبەر ئەوەی ئێران وڵاتێکی پان و بەرین و گەورەیە، وڵاتێکی جۆراوجۆر و پێکهاتەی جۆراوجۆری تێدایە."
ئاشراشی کە " ئەگەر دەیانەوێت لە ئێران سیستەمێکی دیموکراسی هەبێت کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی خەڵک بێت، سیستەمی ئێران دەبێت سیستەمێکی دیموکراسی فیدراڵی بێت وەکو ئەو فیدراڵییەی لە جیهاندا هەیە."

جێگری سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پێویستی دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی بۆ ئێرانی دوای ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەڵێت "یەکەم، کورد خواستی ئەوەی هەیە و ئەو زەمینەیە دەبێت دروستبێت. دووەم، ئێرانییەکانی مەرکەز ئەگەر دەیانەوێت وڵاتەکەیان ئاسودە بێت، دەبێت بیر لەو سیستەمە بکەنەوە".

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئەمریکی ترەمپ لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردە کوردەکان قسەی کردووە و هەروەها ئامادەیە پشتگیریی ئەو گرووپانەی نێو ئێران بکات کە دەیانەوێ چەک هەڵگرن بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستا.




AM:10:33:04/03/2026