جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی لە دوای دوو رۆژ لە پەیوەندی تەلەفونی ترمپ لەگەڵ بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دەڵێت"هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگەو بە تەواوەتی بێلایەنی خۆی دەپارێزێت".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی: رایگەیاند" لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگە و بە تەواوەتی بێلایەنی خۆی دەپارێزێت، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئێستا کەوتووینەتە دۆخێکی نائاساییەوە و لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی ئێمە پریشکی جەنگەکە بەر هەرێمی کوردستانیش کەوتووە".
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" لەم دۆخەدا ئەرکی ئێمەیە هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرینەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی سەروماڵی هاوڵاتییان. لەم چوارچێوەیەدا بڕیار لەسەر پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن درا بە مەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی تەواو لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان. تا ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە".
جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت" ئەو ژوورە هاوڵاتییان دوور بکەونەوە لە قەرەباڵغی و کۆبوونەوەی ناپێویست".
لە بارەی دابینکردنی کارەباوە، جێگری سەرۆک حکومەت، ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکەو بڕیاردرا لەم نزیکانەدا کێشەی مۆلیدە ئەهلییەکان چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی رۆژانە کارەبای پێویست بۆ هاوڵاتییان دابین بکرێت."
رۆڵی میدیا لەم دیدارەدا بەشێک بووە لە گفتوگۆی ئەو کۆبوونەوەیەو قوباد تاڵەبانی داوا دەکات لە هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و هاوڵاتییان بە ئەرکی سەرەکی و پیشەیی خۆیان دابنێن و خۆیان بە دوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و زانیارییەک کە زیان بە ئاسایشی وڵاتەکەمان بگەیەنێت. بۆ ئەم مەبەستەش بە پێویست زانرا بەڕێوەبەرانی کەناڵەکانی راگەیاندن ڕێوشوێنی تایبەت بگرنەبەر و رێنمایی پێویست بدەنە رۆژنامەنووس و پەیامنێرەکانیان.
دوو رۆژ لەومەبەر سەرۆکی ئەمەریکا ترەمپ پەیوەندیەکی تەلەفونی لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کردوو، میدیای ئەمەریکی ئەکسیۆس بە " پەیوەندیەکی هەستیار ناوزەد کرد".