لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆیان کرد و "جەختیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی کردەوە".
چوار شەممە، ٤ ئادار ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا "پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ئێران کردووە بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک لە سەرکردە و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل".
بە پێی ڕاگەیانراوەکە "وەزیری دەرەوەی ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە دانوستانەکان بەردەوام بوون بۆ جاری دووەم لە نۆ مانگی ڕابردوودا، ئەمەش بە بەڵگەی شەڕخوازی و ناراستگۆیی ئەمەریکا لە دۆسیەی ئەتۆمیدا وەسف کرد".
سەبارەت بە پەیوەندی هەرێم و ئێران سەبارەت بە پرسی ئەمنی لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە "هەردوولا باسیان لە پتەوکردنی هاوکارییەکان کرد لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، بەتایبەت پاراستنی سنوورەکان و رێگریکردن لە هەر لایەنێکی سێیەم بۆ بەکارهێنانی خاکەکە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە".
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.