دانەگاز: کێڵگەی کۆرمۆر ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کاتی گونجاودا

کۆمپانیای دانەگاز لە نوێترین راگەیەندراویدا ئاماژەی بەوە کردووە، کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ئێستادا لە دۆخی ئامادەباشیدایە و هەموو رێکارە تەکنیکییەکانی تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکی گونجاودا دەست بە پرۆسەی بەرهەمهێنان بکاتەوە. 

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیاکە لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی کاتی کارەکانی راگرتووە و چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی دۆخی ناوچەکە دەکات.

راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لەم کێڵگەیە لە رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە دەستیپێکردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان و دامەزراوەکانی کێڵگەکە.

 دانەگاز جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان نراوە، تاوەکو ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکە سەقامگیر دەبێتەوە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، بەهۆی کاریگەریی ئەو هێرشانە و وەڵامدانەوەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، دانەگاز بڕیاری دا بۆ رێگریکردن لە هەر زیانێکی چاوەڕواننەکراو، چالاکییەکانی لە کێڵگەکەدا بە شێوەیەکی کاتی رابگرێت.

کێڵگەی کۆرمۆر گرنگییەکی ستراتیژی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، بەوپێیەی رۆژانە نزیکەی ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمدەهێنێت و سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. چاوەڕوان دەکرێت بە گەڕانەوەی کێڵگەکە بۆ دۆخی ئاسایی، کاریگەرییەکان لەسەر کەرتی وزە و کارەبای هەرێم کەم ببنەوە و دابەشکردنی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.




AM:11:17:05/03/2026