رۆژنامەیەکی عێراقی: بابیلۆن و حەشدی شەعبی و کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە پشت هێرشەکانی سەر هەولێرن

رۆژنامەی (العالم الجدید) کە رۆژنامەیەکی سەربەخۆی عێراقییە رۆژی پێنجشەممە ٥ی  ئازار بڵاویکردەوە کە هێرشەکان کە کونسوڵخانەی ئەمریکا و بنکەی سەربازیی هەریریان کردبووە ئامانج، لە بارەگاکانی لیوای ٥٠(بابلیۆن)، لیوای ٣٠ (حەشدی شەعبی) و لیوای ١٤ی(کتایب سەید الشهدا)ـوە ئاراستە کراون.

ڕۆژنامەکە  ئەم راپۆرتەی لە  زاری ژمارەیەک سەرچاوە ئەمنی و سیاسیی بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت"هێزەکانی حــەشــدی شەعبی ڕەتیانکردووەتەوە هاوکاریی سوپای عێراق بکەن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان، ئەمەش گرژیی لێکەوتووەتەوە و نزیک بووە بگاتە ئاستی پێکدادانی چەکداری لەنێوان سوپا و حەشدا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی رابردو دوابەدوای دوایین هێرشی ئاشکرا کە تێیدا سێ مووشەک لە سنووری قەزای حەمدانییەوە ئاراستە کران، محەمەد شیاع سودانی- فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاریدا سەرجەم بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکانی سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی دەشتی نەینەوا لەکاربخات، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەوەی هێرشەکان لەو ناوچەوە ئەنجام دراون و ئەو ناوچانە بەتەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی دان.



PM:05:09:05/03/2026