وەزارەتی دارایی سەبارەت بە موچەی مانگی شوبات راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت "چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو تەواوی تەمویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکیمان".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (٥ی ئازاری ٢٠٢٦) بڕی (٢٧٤) ملیار و (٩٦٢) ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان و سودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
 
لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی دارایی دەڵێت، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەکە و وەرگرتنی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، "راستەوخۆ خشتەی مووچەی مانگی شوبات رادەگەیێندرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".



PM:06:02:05/03/2026